Homeپێڕه‌و

پێڕه‌وی ئه‌كادیمیا

پێڕەوى ناوخۆی

ئەکادیمیاى کوردى

ماددەى یەکەم:

بارەگای ئەکادیمیا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان- عێراق دەبێت کە دەتوانێ دانیشتن لە دەرەوەی هەولێر ئەنجام بدات.

ماددەى دووهەم:

سەرۆکى ئەکادیمیا هەموو ئەو تایبەتمەندیى و دەسەڵاتانەى، کە لە قانوون و پێڕەوە پێوەندیدارەکان بە ئەکادیمیاوە هەیە و بە وەزیرى تایبەت سپێرراون بەکاریان بێنآ، وەکو پێوەندى کردن بە وەزارەتەکان و ئەو لایەنانە کە کاریان بە ئەکادیمیاوە هەیە لە ناوەوە و لە دەرەوەى کوردستان.

ماددەى سێیەم:

ا-      ئەگەر شوێنى ئەندامێکى کارا چۆل بوو، بەپێى قانوون بە کەسێک کە مەرجە قانوونییەکانى تێدا بێ پڕدەکرێتەوە.

ب‌-    داواى خۆ پاڵاوتن بۆ پڕکردنەوەى شوێنى چۆڵبووى ئەندامێتى کارا پێشکەش بە سەرۆکى ئەکادیمیا دەکرآ، کە دەبێ لە ماوەى (3) مانگدا داواکەى بخاتە بەردەم دەستەى سەرۆکایەتى ئەکادیمیا، پاشان ڕەوانەى ئەنجومەنى ئەکادیمیا دەکرآ بۆ بڕیاردان لەسەرى.

ت‌-    ئەو کەسەی خۆی دەپاڵێوێ بۆ ئەندامێتی کارای ئەکادیما پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێت:

1- بڕوانامەیەکی زانستیى هەبێت و لە نووسین و بەرهەمەکانیدا ڕێبازی زانستیی پەیڕەو بکات و ڕێز لە زانست و میتۆدى زانستى بگرێ. هەروەها دەبێ لە ڕێى بەرهەمە زانستیەکانییەوە خزمەتى بەرچاوى بە فەرهەنگى کوردى کردبێت. ( لەگەل داواکارییەکەیدا دانەیەک لە هەر بەرهەمێکی پێشکەش بە سەرۆکایەتى ئەکادیمیا بکات ).

2-شارەزایى تەواوى لە بارەى کورد و کوردستانەوە هەبێ، لەگەڵ شارەزابوون لە زمانی کوردی، باشترە زمانی تریش بزانێ.   

3-دەنگدان بە شێوەیەکی نهێنی دەبێ، بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن. کەسی کاندیدکراو دەبێ زیاتر لە نیوەی دەنگی ئامادەبووان بەدەست بێنێ تا ببێ بە ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی. ئەگەر لە قۆناغى یەکەم و دووەمدا ئەو ڕێژەی بەدەست نەهێنا، ئەوا هەڵبژاردنەکە دوادەخرێت بۆ کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجومەن.

4-پێویستە کەسی کاندیدکراو بەرنامەى ئەکادیمیاى بە دڵ بێت و بەکردەوەش ئامادە بێت پەیڕەوى بکات و چالاکانە لە کارەکانى ئەکادیمیادا بەشدارى بکات، تا ئەرکى زانستیى خۆى بەجێ بگەێنێت. ئەو کەسانەى پێشتر هاوکارى ئەکادیمیایان کردووە و لە کار و چالاکییەکانیدا بەشدارییان کردووە، دەرفەتى باشتریان دەبێ بۆ ئەوەى ببن بە ئەندامى کاراى ئەکادیمیا.

5-دڵسۆزى کورد و کوردستان بێت و ڕابوردووێکى پاکیان هەبێت و هیچ جۆرە پەیوەندییەکى گومان لێکراویان بە داگیرکەرانەوە نەبووبێ.

6-پێویستە کاندیدکراو خاوەن کەسایەتى کۆمەڵایەتى و زانستیی بێت لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا و تواناى کارکردنى لەگەڵ کەسانى تردا هەبێ و ڕێز لە دیدو بۆچوونى بەرامبەرەکەی و نێو ناوبانگی ئەکادیمیا بگرێت.

7-پێویستە کاندیدکراو داواکارییەک پێشکەش بکات و تێیدا هۆی داخوازییەکەی بۆ ئەنجومەن ڕوون بکاتەوە لەگەڵ دیدو بۆچوونەکانى بۆ گەشەپێکردنی ئەکادیمیا، لە حاڵەتی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا.

8-ئەنجومەن لێژنەیەک پێکدێنێ بۆ دەستەبژێری ناوەکان بەپێی سیڤی ودەشتوانێ چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لە گەڵیان بکات، دواتر دەبێ لەڕاپۆرتێکدا ئەنجومەن لە ئەنجامی کارەکەى ئاگادار بکاتەوە. 

ئەندامى یاریدەدەر

ماددەى چوارەم:

ا‌-      ئەندامى یاریدەدەر دەبێ لەلایەن دوو ئەندامى کاراوە بە نوسراوى بەشایانى بزانن لە ڕووى زانینەوە، تێیدا تواناى زانستى یان ئەدەبى یان زمانەوانى کەسى کاندیدکراو ڕوونکرابێتەوە، جگە لە ڕەوشت چاکى بۆ ئەوەى ببێت بە ئەندامى یاریدەر.

ب‌-    ئەو پشتگیریە پێشکەش بەسەرۆکى ئەکادیمیا دەکرێ، کە دەبێ لەماوەى ئەو پەڕى سێ مانگدا بیخاتە بەردەمى دەستەى سەرۆکایەتى بۆ تاوتێکردنى، پاشان ڕەوانەى ئەنجومەنى ئەکادیمیا دەکرێ بۆ بڕیاردان لەسەرى.

ت- وەرگرتنى ئەندامى یاریدەدەر بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى کارا دەبێ لەلایەن ئەنجومەنى ئەکادیمیاوە.

ج- سەرۆک بە نووسین ئەندامە یاریدەدەرەکە ڕادەگەێنێ بەوەى هەڵبژێردراوە. ئەندامى یاریدەدەر دەکرێ لەلایەن سەرۆکەوە بانگ بکرێت بۆ ئامادەبوون لە بەشێک لە دانیشتنەکانى ئەنجومەنى ئەکادیمیا، بێ ئەوەى مافى دەنگدانى هەبێ.

 

ئەندامى شکۆمەند

ماددەى پێنجەم:

ا‌-      ئەندامى شکۆمەند بە کاندیدکردنى لە لایەن دووان لە ئەندامانى کاراوە، لەگەڵ پشتگیرى لێ کردنى لە لایەن دەستەى سەرۆکایەتى، بە ڕەزامەندی دوو سێ یەکى ئەندامانى ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێ، هەڵبژاردنەکەش بە دەنگدانى نهێنى دەبێ.

ب‌-    ئەندامى شکۆمەند نامەیەکى ئیمزا کراو لە لایەن سەرۆکەوە پێى دەدرێ، تێیدا ئاماژەى بۆ ئەوە دەکرێت لە چ مێژوویەکدا هەڵبژێرراوە و چ خزمەتێکى لە بوارى زانست یا ئەدەب یا زماندا هەیە.

 

ئەنجومەنى ئەکادیمیا

ماددەى شەشەم:

ا‌-      ئەنجومەنی ئەکادیمیا لە سەرجەمی ئەندامانی کارای ئەکادیمیا پێک دێت.

ب‌-    ئەنجومەنی ئەکادیمیا کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە سەرەتای مانگی ئابی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و پشوویەکی هاوینەی بۆ ماوەی یەک مانگ هەیە، کە لە یەکی مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکات، لەو ماوەیەدا و لە کاتی پێویستدا، سەرۆک بۆى هەیە داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی بکات بۆ کۆبوونەوەى ئەنجومەنی ئەکادیمیا.

ت‌-    ئەنجومەتی ئەکادیمیا بەلای کەمییەوە مانگی جارێک کۆدەبێتەوە.

ج-ئەندامى کارا بە لەکارکشاوە دادەنرێ ئەگەر بە بێ بەڵگەیەکى پەسەند کراو لە سێ کۆبوونەوەى یەک لە دواى یەکدا ئامادە نەبێ.

 

ماددەى حەوتەم:

ا‌-      ڕادەى ئەنجومەنى ئەکادیمیا بە ئامادەبوونى زیاتر لە نیوەى ئەندامە کاراکانى تەواو دەبێ.

ب‌-    ئەنجومەنى ئەکادیمیا بڕیارەکانى بە زۆرینەى دەنگى ئامادەبووان دەدات، ئەگەر دەنگەکانى هەردوولا ئەوەندى یەک بوون، سەنگى ئەو لایەنە بە قورس دادەنرێ کە سەرۆکى لەگەڵە.

ماددەى هەشتەم:

ئەندامانى ئەنجومەن سێ ڕۆژ بەر لە کاتى دانیشتنیان ئاگادار دەکرێن، پێویستە لاى کەمى بەر لە دوو ڕۆژ بەرنامەى کۆبوونەوەکەیان بگاتە دەست.

ماددەى نۆیەم:

ا‌-      سەرۆک، سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکانى ئەندامانى ئەنجومەنى ئەکادیمیا دەکات و دانیشتنەکانى دەگێڕێ و ڕووى گفتوگۆکانى دیارى دەکات.

ب‌-    ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو، جێگرەکەی جێى دەگرێتەوە.

ت- لە هەموو دانیشتنێکدا ناوى ئەندامە ئامادەبوو و نا ئامادەبووەکان دەنووسرێ، بیانوویان هەبێ بۆ ئامادە نەبوونیان یان نا.

ج- لە سەرەتاى هەر دانیشتنێکدا بڕیارەکانى دانیشتنى پێشوو دەچەسپێنرێ و لە کۆتایى ساڵى ئەکادیمیادا بڕیار لەسەر ئەو ڕاپۆرتى ساڵانەیە دەدرێ، کە دەستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەن پێشکەش بە ئەنجومەنى دەکات.

چ- سکرتێر بەرپرسە لە نووسینەوە کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ئەکادیمیا و بڕیارەکان و پاراستنیان و بانگهێشتی ئەندامەکان بۆ کۆبوونەوە و نامەکارییەکان.

ماددەى دەیەم:

ا‌-      ئەنجومەنى ئەکادیمیا لە کاروبارى زانستى و ڕاپۆرتەکانى لیژنەکان و کارەکانیان دەکۆڵێتەوە و گفتوگۆیان لە بارەوە دەکات و بڕیاریان لەسەر دەدات. لەسەر لیژنەکانیش پێویستە پابەندبن بە بڕیارەکانى ئەنجومەنى ئەکادیمیاوە.

ب‌-    ئەنجومەنى ئەکادیمیا مافى ئەوەى هەیە گفتوگۆ لەبارەى بڕیارەکانى دەستەى سەرۆکایەتییەوە بکات دەربارەى کۆنگرە و کۆڕى زانستى و ئەدەبى و ئاهەنگ گێڕان و بڕیاریان لەسەر بدات.

ت- پێویستە لەسەر دەستەى سەرۆکایەتى ڕاپۆرتەکانى تایبەت بە بەشەکانى ئەکادیمیا و لیژنەکانیەوە بخاتە بەردەمى ئەنجومەنى ئەکادیمیا بۆ ئەوەى بڕیارى پێویستیان لە بارەوە بدات.

ج- ئەنجومەنى ئەکادیمیا بوودجەى ساڵانەى ئەکادیمیا ئامادە دەکات، کە دەستەى سەرۆکایەتى پێشکەشى دەکات، بۆ بەرزکردنەوەى بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

دەستەى سەرۆکایەتى

ماددەى یازدەهەم:

دەستەى سەرۆکایەتى کاروبارى دارایى و بەڕێوەبەریى ئەکادیمیا بەم جۆرەى خوارەوە ڕێک دەخات:

ا- ئامادەکردنی بودجەی ساڵانە و میلاکات و بەرزکردنەوەی بۆ بەردەم ئەنجومەنی ئەکادیمیا بۆ بڕیارلەسەردانی، بەشێوەیەک لەماوەی مانگێک بەر لەو ماوەیە تەواو ببێت کە وەزارەتی دارایی دیاریکردووە بۆ پێشکەشکردنی بودجەی خەملێنراو.

ب- جێبەجێکردنی بودجە و بڕیارلەسەردانی لەسەر حیساباتی کۆتایی.

ت- گواستنەوە (موناقەلە) لەنێوان بابەتەکان لەناو تاکە بەندێکدا و لەنێوان بەندەکانی بودجە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئەکادیمیا.

 س- وەرگرتنى پیتاک و بەخشین و سپاردەی وا، کە لەگەل ئامانجەکانى ئەکادیمیا بگونجێ، ئەگەر لە ناو کوردستانەوە بێت، بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران ئەگەر لە دەرەوەى کوردستانەوە بێت.

ب- ڕێکخستنى میلاک و بەشە بەڕێوەبەرى و داراییەکان ولقەکانیان لە ئەکادیمیا.

ج- ئامادە کردن و پێشنیاز کردنى قانوون و پێڕەوى وا کە یارمەتى هێنانەدى ئامانجەکانى ئەکادیمیا بدات، کە لە قانوونەکەیدا دەقیان لەسەر کراوە، تا بخرێتە بەردەم ئەنجومەنى ئەکادیمیا بۆ پەسەند کردنیان.

د- دەستەى سەرۆکایەتى بڕیارى پاداشدانەوەى ئەندامانی لیژنەکان دەدات بەرانبەر بەکارکردنیان لە لیژنەکانى ئەکادیمیادا و ئەو کارە زانستییانەى تر کە داوایان لێ دەکرێ بیانکەن.

ماددەى دوازدەم:

ا‌-      دەستەى سەرۆکایەتى بۆى هەیە ئەو دەستەڵاتانە بەکار بهێنێ، کە ئەنجومەنى ئەکادیمیا پێى سپاردوون.

ب‌-    دەستەى سەرۆکایەتى بۆى هەیە هەندێ لە دەسەڵاتەکانى بدات بە سەرۆک، سەرۆکیش بۆى هەیە هەندێ لە دەستەڵاتەکانى بدات بە جێگرەکەى، جگە لەو دەستەڵاتانەى کە بە خودى خۆى دراون.

ماددەى سێزدەم:

ڕ‌-     دەستەى سەرۆکایەتى لاى کەمى مانگى جارێ کۆدەبێتەوە و کاتى کوبوونەوەکەش لاى کەمى سێ ڕۆژ بەر لە مێژووى کۆبوونەوەکە دەستنیشان دەکرێ.

ب‌-    کۆبوونەوەى دەستەى سەرۆکایەتى بە قانوونى دادەنرێ بەوە کە زیاتر لە نیوەى ئەندامەکانى تێدا ئامادە بن، بە مەرجآێ سەرۆک یا جێگرى سەرۆک لە ناو ئامادەبوەکاندا بێ، بڕیارەکانی بە زۆرینەى دەنگ دەردەچن، ئەندامى ڕا جیاواز بۆى هەیە ڕاکەى خۆى تۆماربکات.

ت‌-    سکرتێر بڕیاردەری ئەنجومەنی ئەکادیمیا و دەستەی سەرۆکایەتییە.

ماددەى چوادەم:

ا- بە تەمەنترینى ئەندامەکان دانیشتنى هەڵبژاردنى سەرۆک و دەستەى سەرۆکایەتى بەڕێوە دەبات، بە ئامادەبوونی دوو سێ یەکی ئەندامانی کارا.

ب- سەرۆکى ئەکادیمیا بە ئامادە بوونى دوو سێ یەکى ئەندامانى کارا، بە دەنگدانى نهێنى هەڵدەبژێررێ.

ج- جێگرى سەرۆک بە ئامادەبوونى دوو سێ یەکى ئەندامانى کارا، بە دەنگدانى نهێنى هەڵدەبژێررێ.

د- سەرۆک سکرتێرێک لە ناو ئەندامانى کارادا هەڵدەبژێرێ بۆ ئەکادیمیا، ئەم سکرتێرە تەرخانکراو دەبێت بۆ ئەنجامدانى ئەو کارانەى کە پێى دەسپێرێن.

ه- دوو ئەندامى تر لە ناو ئەندامە کاراکاندا، بە دەنگدانى نهێنى هەڵدەبژێردرێن، ئەم دوو ئەندامە تەرخان دەبن بۆ کاروبارى ئەکادیمیا.

ماددەى پازدەم:

ا‌-      سەرۆک بە دواى کارى دەستەکان و لیژنەکانى ئەکادیمیا و چالاکییە زانستییە کانییاندا دەچێ.

ب‌-    چى پێویست بێ بۆ پاراستنى ساختمانەکانى ئەکادیمیا، سەرۆک دەیکات.

ماددەى شانزەهەم:

ا‌-      سەرۆک یا جێگرەکەى فەرمانى پارە خەرج کردن ئیمزا دەکات.

ب‌-    هەر ڕێککەوتنێک کە ئەکادیمیا لەگەل لایەکى تردا، یان هەر پەیمانێک بە لایەکى ترى بدات، لە چوار چێوەى بوودجەى مۆرکراودا (تا ڕادەى دە ملیۆن دینار)، سەرۆک ئیمزاى دەکات. ئەگەر پارەکە لەو ئەندازەیە تێپەڕى، پێویستە ڕەزامەندیى دەستەى سەرۆکایەتى بۆ وەربگیرێ ئەوجا ببەسترێ.

ت- سەرۆک بۆى هەیە مووچە و پاداش بە ئەندامانى ئەکادیمیا و کەسانى سەربە ئەکادیمیا بدات بەپێى ئەو حوکمانەى لەم بوارەدا بڕیار دراون لە سنوورى ئەو پارەیەدا کە لە بەشی مانگانە و مووچە و کرێدا دانراوە و بڕیارى لەسەر دراوە.

ج- سەرۆک بوى هەیە، بەرامبەر بە کارى زانستى بایەخدار، پاداشتى خاوەنەکانیان بداتەوە بە جۆرێ کە خزمەتى ئامانجەکانى ئەکادیمیا بکات.

بوودجەى ئەکادیمیا و کاروبارە داراییەکانى

ماددەى حەڤدەهەم:

ئەکادیمیا بوودجەیەکى تایبەتى هەیە، ئەو بوودجەیە پێکهاتووە لە:

ا‌-      ئەو بوودجەیەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆى دیارى دەکات.

ب‌-    ئەو خەڵات و بەخشش و یارمەتییەى ئەکادیمیا مافى وەرگرتنى هەبێ، لەگەل چاودێرى کردنى ئەوەى لە بڕگە (د)ى ماددەى پازدەى ئەم پێڕەوەدا هاتووە.

ت- سەرچاوەکانى ئەکادیمیا خۆى لە قازانجى وەبەرهێنانى مال و پارە و پوولى و لە قازانجى فرۆشتنى چاپەمەنى و بڵاوکراوە و گۆڤارەکەى و هەر سەرچاوەیەکى تر، کە لە چالاکیى خۆیەوە پەیدا ببێ.

ماددەى هەژدەهەم:

دەشێ مومتەلەکاتی ئەکادیمیا بە بڕیاری سەرۆک (تا ڕادەی نیو ملیون دینار) لەوەی ون دەبێ یان دادەرزێ بسردرێتەوە، لەو بڕەیە زیاتر بە بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتی دەبێت. فەرمانبەرانی ژمێریاری بەرپرسن لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەی سەرف و چەکەکان و ڕاستی و دروستیان و بوونی پشتینە لە بودجەی بڕیارلەسەردراوی ئەکادیمیا بەگوێرەی رێ و شوێنی پەیڕەوکراو.

ماددەى نۆزدەهەم:

ا- ئەکادیمیا تێچووی سەفەر و دەرماڵەی شەوانە بۆ ئەندامان و ئەوانەی کە لە دەرەوەی هەولێر بانگهێشت دەکرێن بۆ ئامادەبوونی دانیشتنەکانی ئەکادیمیا یان لێژنەکانی، یان ئەوانەی ئەرکی تایبەتیان پێ دەسپێردرێ، یان ئەوانەی میوانداریان دەکات، و دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاری بڕە پارەیەکی براوە دەدات بۆ ئەم تێچوونانە.

ب- بۆ فەرمانبەرانی ئەکادیمیا و کرێکارەکانی تێچووی سەفەر و دەرماڵەی شەوانە بەگوێرەی ئەو خشتانەی لە قانوون و ڕێنماییە پەیرەوکراوەکان لە دامو دەزگا ڕەسمییەکان بڕیاریان لەسەردراوە، خەرج دەکرێ.

ت-سەرۆک دەتوانێ لە پای ئەو خزمەتە سوود بەخشانەى لە دەرەوەى ئەرکەکانى سەرشانیاندا بە جێیان دەهێنن پاداشت بە فەرمانبەر و کرێکارەکانی ببەخشێ.

ج- هەرچى موڵک و ماڵى نەختیینە و مایەى ئەکادیمیا هەیە دەبێ لە دەفتەرى تایبەتیدا بنووسرێ.

ماددەى بیستەم:

هەموو ئەو پاداش و کرێ و خەڵات و مافە داراییانەى تر کە لەسەر ئەکادیمیا پێویستە لە پێناوى هێنانەدیى ئامانجەکانیدا بیاندا، بە ڕێنمایى و بڕیاری وا دیارى دەکرێ کە سەرۆک یا دەستەى سەرۆکایەتى دەریان دەکات. ئەمەیش توێژینەوە و وتار و موحازەرە و پێشبڕکە و کتێب دانان و کتێب وەرگێڕان و کتێب ساغکردنەوە و پێداچوونەوە دەگرێتەوە، ئەکادیمیا دەبێ بە خاوەنى هەموو مافێکى ئەو بابەتانە.

 

لێژنەکان

ماددەى بیست و یەکەم:

ڕ‌-     دروست نییە ئەندامى کارا لە زیاتر لە سێ لیژنەى هەمیشەییدا بەشدار بێ.

ب‌-    هەر لیژنەیەک بۆى هەیە ئەندامى وا بگرێتە خۆى کە لە دەرەوەى ئەندامانى کاراى ئەکادیمیا وە هەڵبژێررابن، دەستەى سەرۆکایەتیش ژمارەى ئەندامان و ناویان بڕیار دەدات.

ت- لیژنەکان مافى ئەوەیان هەیە پرس و ڕاوێژ بە کەسانى تریش لە دەرەوەى ئەکادیمیاوە بکەن.

ماددەى بیست و دووەم:

ڕ‌-     لیژنەکان کۆبوونەوەکانیان لە بارەگاى ئەکادیمیا دەکەن، مەگەر لە کاتێکدا کە وا پێویست بکات لە دەرەوەى ئەکادیمیادا بکرێ، ئەمیش دەبێ بە ئاگادار کردنى لەوە پێش سەرۆکى ئەکادیمیا بێ.

ب‌-    سەرۆکى لیژنە کاتى کۆبوونەوە دەستنیشان دەکا و لاى کەمى دوو ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوە ئاگاداریان دەکات، دانیشتنەکان دەبا بەڕێوە و کۆبووننامەکە دەنووسێت و پێشکەشى دەستەى سەرۆکایەتى دەکات.

ت‌-    کۆبوونەوەى لیژنە دروست دەبێ کە زیاتر لە نیوەى ئەندامەکانى تێدا بەشدار بن.

ج-لیژنە لاى کەمى مانگى جارێک کۆدەبێتەوە.

ماددەى بیست و سێیەم:

ڕ‌-     هەر لیژنەیەک پلانێکى درێژ خایەن و پڵانێکى ماوە کورت، لە سەرەتاى هەر ساڵێکى ئەکادیمیاییدا بۆ خۆى دادەنێت.

ب‌-    سەرۆکى لیژنە ناوى ئەندامانى ئامادەبوو و ئەندامانى نادیار لە هەر کۆبوونەوەیەکدا دەنووسێت و دەینێرێت بۆ دەستەى سەرۆکایەتى.

 

چاپکراو و گۆڤار

ماددەى بیست و چوارەم:

ئەکادیمیا فەرهەنگ و کۆمەڵە زاراوە و کتێبى لێکۆڵراوەى کەلەپوور و هەر کتێب و باسێکى وا بڵاو دەکاتەوە کە لەگەل ئامانجەکانى بگونجێت.

ماددەى بیست و پێنجەم:

ڕ‌-     ئەکادیمیا دانەیەک لە هەر لە چاپدراوێکى خۆى بە دیارى دەداتە ئەندامە کاراکانى و ئەندامە یاریدەدەرەکانى.

ب‌-    ئەکادیمیا لە چاپدراو و وێنە گیرا و لەگەڵ کۆڕەکانى زانیارى و زانکۆکان ئاڵوگۆڕ دەکات.

ج- سەرۆکى ئەکادیمیا بۆى هەیە چەند دانەیەک لەچاپدراوەکانى ئەکادیمیا بە دیارى بداتە ئەو کتێبخانە گشتییانەى بە کولتوور و زانستەوە خەریکن، هەروا بە توێژەرەوان لە ناوەوە و لە دەرەوەى کوردستان.

ماددەى بیست شەشەم:

ئەکادیمیا بۆى هەیە چەند دانەیەک لە هەر ماددەى بیست و هەشتەم: کتێبێکى کەلەپوور و ئەو کتێبە بایەخدارانە کە لیژنەى کتێب هەڵیاندەبژێرێ.

ماددەى بیست و حەوتەم:

ئەکادیمیا گۆڤارێکى وەرزى تایبەت  بە ناوى (گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی) دەردەکات، توێژینەوە و باسى تایبەتى ئەندامەکانى و کەسانى تریشى تێدا بڵاو دەکرێنەوە، لەگەڵ بڕیارەکانى ئەنجومەنى ئەکادیمیا و دەستەى سەرۆکایەتى و دەنگوباس و چالاکییەکانى ئەکادیمیا و بڕیارەکانى لیژنەکانى، لاى کەمى لە هەر ساڵێکى ئەکادیمیادا دەبێ دوو ژمارەى لێ دەربکات.

ئەو نووسەرانەى باس و لێکۆڵینەوە لە گۆڤارى ئەکادیمیادا بڵاو دەکەنەوە پاداشیان بە گوێرەى ڕێنماییەکانى دەستەى سەرۆکایەتى دەدریتێ.

ماددەى بیست و نۆیەم:

ا-لیژنەیەکى تایبەتمەند سەرپەرشتیى دەرکردنى گۆڤارەکەى ئەکادیمیا و هەر شتێکى تر دەکات کە پێوەندى بە کاروبارى زانستى و بەڕێوەبەرى و دارایى گۆڤارەکەوە هەبێ، بە پێى ئەو ڕێنماییانەى دەستەى سەرۆکایەتى دەریان دەکات.

ب- لێژنەی گۆڤار پابەند دەبێت بە رێنمایی و پێوەرەکانی چاپی کتێب کە لە لایەن ئەنجومەنی ئەکادیمیاوە پەسند کراون.

ت-ئەکادیمیا ئەو کتێب و نووسراوانە چاپ و بڵاو دەکاتەوە کەوا پەیوەندییان بە کورد و کوردستانەوە هەبێت لە کایەکانى زانیاری گشتی، لەوێنەى زمان و مێژوو و جوگرافیا و ئەدەب و کەلەپوور و ... تاد.

ج-ڕێککەوتن لەنێوان ئەکادیمیا و ئەو نووسەرەدا مۆر دەکرێت (لەشێوەى فۆرمێک ڕێک دەخرێت)، کە بڕیار لەسەر چاپکردنی کتێبەکەى دەدرێ، ئەوەى تێدا ڕوون دەکرێتەوە کە مافی چاپ و بڵاو کردنەوەى کتێبەکە بۆ جارى یەکەم بۆ ئەکادیمیا دەبێت. لەبەرامبەردا پاداشتێک دەدرێت بە دانەر لەگەڵ ڕێژەى 10%ى چاپکراوەکە، بەپێى ئەو قانوون و ڕێنماییانەى لەو بوارەدا کارى پێدەکرێت.

چ-نووسەری ئەو کتێبەی کە ئەکادیمیا بۆی چاپ دەکات مافی نییە کتێبەکەی چاپ بکاتەوە تەنها دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئەکادیمیاوە.

ح-لەکاتی دووبارەی چاپکردنەوەی کتبێک لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە، نووسەرەکەی مافی ئەوەی هەیە هەمان رێژە لەو کتێبانە وەربگرێت کە لە برگەی ( ج) سەرەوەدا هاتووە.

خ-ئەو کتێب و بڵاوکراوانەى لەلایەن لێژنە و دەستە تایبەتمەندییەکانى ئەکادیمیاوە دەردەچن، ئەکادیمیا دەبێتە خاوەنی و دەتوانێت لەکاتى پێویستدا لەچاپیان بداتەوە و هیچ لایەنێکى تر بۆی نییە لەچاپى بداتەوە.

د-لێژنەى چاپ و بڵاوکردنەوەى کتێب فۆڕمێک ئامادە دەکات تاکو نووسەر و ئامادەکارى کتێب پڕى بکاتەوە و لەگەڵ دانەیەک لە دانراوەکە پێشکەشى لێژنەکە بکات، تیایدا ئەوە ڕوون بکاتەوە کە کتێبەکەى پێشتر چاپ نەکراوە و بەڵێنیش بدات کە پابەند دەبێت بە ڕێو شوێنەکانى چاپ و بڵاوکردنەوەى کتێب لە ئەکادیمیا، لە بابەتەکانى تایبەت بە ڕێبازی لێکۆڵینەوە و ڕێنووس و چاپکردن.

ر-لێژنەى چاپ و بڵاوکردنەوە، دانەى ئامادەکراوی کتێبەکە بۆ شارەزایەکی پسپۆڕ دەنێرێت کە لەو بوارەدا کارامە و لێهاتوو بێت، لە بەرامبەردا پاداشتێکی شایستەى پێ دەبەخشرێت.

ز-فۆڕمی هەڵسەنگاندن ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:

1-  بایەخی زانستى کتێبەکە.

2- شێواز و ڕێبازی لێکۆڵینەوە.

3-چۆنییەتی ڕێنووس و زمان و شێوازى کتێبەکە.

4-چۆنیەتی ساغکردنەوەى زانستی (بۆ دەستنووسەکان).

5-پێڕەوکردنی شێوازى ڕاست و دروستى وەرگێڕان (بۆ کتێبی وەرگێڕدراو).

ژ-لێژنەى چاپ و بڵاوکردنەوە بڕیارى چاپکردن و چاپنەکردنی، هەروەها ژمارە و تیراژى هەر کتێبێک دەستنیشان دەکات.

س-پێویستە نووسەر و دانەرى کتێب پابەندی ئەم ڕێنماییانە بێت:

1-هەر ڕاستکردنەوە و گۆڕانکارییەک کە لێژنەى چاپ و بڵاوکردنەوە یاخود شارەزای تایبەت بە پێویستى دەزانێت.

2-لە چاپەکانى دواتر ئاماژە بەوە بکرێت کە کتێبەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە یا بە هاوکارى ئەو لەچاپدراوە.

3-وردبینی کردن و بەدوا داچوونی کاروبارەکانى کتێبەکە تا قۆناغی کۆتایى.

4-کورتەیەک لە کارنامەى زانستی و ژیاننامەى نووسەرەکەى لە بەرگی دواوەى کتێبەکە پێشان بدرێت.

ش-لێژنەى چاپ و بڵاو کردنەوە لەدواى خەملاندنی تێچووى کتێبەکە، نرخێکی گونجاو دەستنیشان دەکات و لە بەرگی پشتەوەى دەنووسرێت.

ع-سەبارەت بە پاداشتى نووسەر و شارەزا و وەرگێڕ و هەڵەچن و نەخشەسازی بەرگ، کار بە ڕێنماییەکانى وەزارەتی دارایى بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنییەکان دەکرێت، بە ژمارە  6/2/2420 لە ڕێکەوتی 13/12/2012.

ماددەى سییەم:

ا‌-      ئەکادیمیا کتێبخانەیەکى تایبەتیى خۆى هەیە ئەو لە چاپدراو و دەستنووس و سەرچاوە و بڵاو کراوانەى تێدا دەبن کە هەن یا بڵاویان دەکاتەوە.

ب‌-    لایەک لە ناو کتێبخانەى ئەکادیمیدا تەرخان دەکرێ بۆ پاراستنى بەڵگەنامە و لە چاپدراو و وێنەگیراوەکان.

ماددەى سی و یەکەم:

ڕ‌-     دەستەى سەرۆکایەتى بڕیارى چۆنیەتیى سوود وەرگرتن لەو کتێب و سەرچاوانە دەدا کە لە کتێبخانەکەدا هەن.

ب‌-    دەستنووس و سەرچاوە و وێنەگیراوى نایاب بە خوازە نادرێ بە هیچ لایەنێک و بەهیچ کەسێک لە دەرەوەى تەلارى ئەکادیمیا.

ج- لیژنەیەکى تایبەتمەند بە سەرۆکایەتى بەڕێوەبەرى کتێبخانە، کتێبخانەکە بەڕێوە دەبات.

مادەى سی و دووەم:

دەستەی سەرۆکایەتی لێژنەیەکی هەمیشەیی پێکدەهێنێ بۆ چاوپێداخشاندنەوە بە کارە کەسییەکانی فەرمانبەرەکانی، بە بەرزکردنەوەی سەرمووچە و لێژنەکە لە سێ ئەندامی فەرمانبەری ئەکادیمیا پێک دێت.

ماددەى سی و سێیەم:

دەستەی سەرۆکایەتی لێژنەیەکی هەمیشەیی پێکدەهێنێ بۆ کڕین لە سێ ئەندام پێک دەهێنێ لەدەرەوەی کارمەندانی ژمێریاری، بەمەرجێک ئەندامەکانی لێژنە هەر شەش مانگ جارێک بگۆڕدرێن.

ماددەى سی و چوارەم:

هەموو کارە کارگێڕییەکانى ئەکادیمیا، لە پشووى ساڵانەیدا بەردەوام دەبن و فەرمانبەر و کارمەندان بەپێى ڕێنماییەکانى ئەم قانوونە دەوام دەکەن.

ماددەى سی و پێنجەم:

سەرۆکی ئەکادیمیا بۆی هەیە کرێکاران بە شێوەی هەمیشەیی یان بە شێوەی کاتیی دابمەزرێنێ و مووچەیان زیاد بکات.

ماددەى سی و شەشەم:

سەبارەت بەو کارمەندانەى لە ئەکادیمیادا کار دەکەن، حوکمەکانى قانوونى خزمەتى شارستانى و قانوونى دیسپلینى کارمەندانى دەوڵەت و پێڕەوى دانان و بەرز کردنەوە جێ بەجێ دەکرێن.

ماددەى سی و حەوتەم:

ئەنجومەنى ئەکادیمیا بۆى هەیە ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێ بەجێ کردنى حوکمەکانى ئەم پێڕەوە.

 

هۆیەکانی دەرکردنی پێرەوەکە

 

قانوونى ئەکادیمیای کوردی ژمارە (12)ى ساڵى 1997ی هەموارکراو، پێویست دەکات لەماوەیەکی دیاریکراو پێرەوی ناوخۆی بۆ ئەکادیمیای کوردی دابنێت، ئەنجومەنی ئەکادیمیا لە کۆبوونەوەی (هەژدەهەمى) لە 14/10/2012 بەسترا، ئەم پێرەوەی لەگەڵ ئەو دەقانەی کە لە قانوونی ئەکادیمیادا هاتوون دەگونجێن، بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی حوکمە  قانوونییەکانی ئەو قانوونە.

  

 

« ئاب 2019 »
٢ شەم ٣ شەم ٤ شەم ٥ شەم هەیینی شەممە ١ شەم
      1 2 3 4
5 6 7 8 9 10 11
12 13 14 15 16 17 18
19 20 21 22 23 24 25
26 27 28 29 30 31  

 

 

 

 

 

 

 

Copyright © 2013 Kurdish Academy. All Rights Reserved.